کرێکارێکی کورد لە باکووری ئێران گیانی لەدەست دا

14:12 - 25 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری مەریوان، لە باکووری ئێران لە کاتی کار کردندا تووشی ڕووداوی کار بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ٢٢ی بەفرانبار، کرێکارێکی کوردی خەڵکی گوندی \"بێساران\" سەر بە شاری مەریوان، بە هۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە لە دەوروبەری ڕووباری \"بابۆل\"ی لە پارێزگای مازندەران، گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە \"فاتێح ئیبراهیمی\" تەمەن ٢٧ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

\"\"
فاتێح ئیبراهیمی
هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ ئەو ڕووداوە لە ناوچەی \"بالامیر بازار\"ی ناوچەی \"سنگ پل\" لە تەنیشت ڕووباری \"بابۆل\" ڕووی داوە.

ئەو کرێکارە لاوە لە کاتی کار کردن بە ماتۆڕی ئاو، تووشی بەرکەوتنی تەزووی کارەبا دەبێت و دەکەوێتە نێو ڕووبارەکەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی پەیوەندییە گشتییەکانی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٣٥٠ کەس بە هۆی ڕووداوی کارەوە لە ئێران گیانیان لەدەست داوە، کە لەو ڕێژەیە، ٣٤٧ کەسیان پیاون و ناوی سێ ژنیش لەو ئامارەدا بەرچاو دەکەوێت.