کرێکارێکی کورد خەڵکی هەورامان بە هۆی بوومەلەرزەوە بە سەختی بریندار بوو

14:42 - 16 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی ناوچەی هەورامان لە باکووری ئێران لە کاتی هاتنی بوومەلەرزەدا، بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە کرێکارانی بیناسازی بە ناوی \"عوسمان ڕەحمانی\" تەمەن ٤٦ خەڵکی گوندی \"چەشمیەر\" لە ناوچەی هەورامان بە هۆی هاتنی بوومەلەرزەوە لە باکووری ئێران لە کاتی کارکردندا، بە سەختی بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: عوسمان ڕەحمانی ماوەی چەند سالێکە لە شاری تاران نیشتەجێیە و بە هۆی نەبوونی کار و بێکاری بوونی ناوبراو، ڕووی لە باکووری ئێران کردووە و لەوێدا توشی ئەو ڕووداوە هاتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کرێکارە کوردە هەر دوو لاقی شکاوە و هەروەها لای سەریەوە تووشی زەڕبە هاتووە و ئەمەش بوو بە هۆی \"خونریزی داخلی\" ئێستا لە بێهۆشی درێژخایەن دایە.
عوسمان ڕەحمانی خێزاندار و خاوەنی چوار منداڵە.