کرێکارێکی کورد بە هۆی نەدانی مووچە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

13:11 - 23 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد، خەڵکی شاری کامیاران، بە هۆی نەدانی مووچە لە لایەن شارەداریی ئەو شارەوە، خۆی سووتاند و گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی شاری کامیاران بە ناوی \"بیژن قۆڵزووی\" بە هۆی نەدانی مووچەی دواکەوتووی چەند مانگە لە لایەن شارەداریی ئەو شارەوە، خۆی سووتاند و پاش چەند ڕۆژ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.

\"\"
بیژن قۆڵزووی
سەرچاوەیەکی ئاگادار، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە لە شاری کامیاران بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هەوڵی خۆسووتاندنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی دواکەوتنی مووچەی چەند مانگە بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: کرێکارانی شارەداریی شاری کامیاران، ماوەی چەند مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەو کرێکارەش بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر ئەم کارە دەستی داوەتە خۆسووتاندن و بە هۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەی، ڕۆژی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.