کرێکارێکی کورد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا

14:30 - 10 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی لە بەرچاونەگرتنی ڕێوشوێنی ئیمەنی کار، کرێکارێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەر، کرێکارێکی کورد لە کاتی بەستنی داربەست لە نەخۆشخانەی \"کەوسەری\" شاری سنە، گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە، شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە ناوی \"ڕەزا مورادی\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کرێکارە تەمەن ٤٥ ساڵە، خێزاندار و خەڵکی گوندی \"باخڵەی\" شاری سنە بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کرێکارە کوردە پاش دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، ڕۆژی ڕابردوو ٩ی خەزەڵوەر، لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لە دەست دا.

لە ئێران و کوردستان، تەنیا لەسەدا ١٠ی کرێکارانی گیان لەدەست‏داو، ناویان لە خزمەتگوزاریی دابین کردنی کۆمەڵایەتی (بیمە) تۆمار کراوە و دەوڵەتیش بە توندی دژایەتی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی کرێکاران دەکات و پێش بە چالاکییەکانیان دەگرێت.

ڕێژەی مردنی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران ڕۆژانە بە ٦ کەس خەڵمێنراوە و بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار، ڕووداوی کار زیاتر لە ٩٠ هەزار میلیارد تمەن لە ئێران تێچوو هەڵدەگرێت.