گیانلەدەستدانی ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات؛ کۆماری ئیسلامی تەرمەکانیان بێسەروشوێن دەکات
١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە دوای هێرش و تێکهەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرووپێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەش پێشمەرگەی ئەم حیزبە گیانیان لەدەست دا. دامەزراوە ئەمنی و حکوومەتییەکان تەرمەکانیان ڕادەست نەکردووەتەوە و هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان کراوە کە مافی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان نییە و نابێت خەڵک بێنە دیداریان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند؛ لە دوای گیانلەدەستدانی ئەم پێشمەرگانە، دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ ئەوەی سەبارەت بە تەرمەکان هیچ بە بنەماڵەکان بڵێن و ڕادەستیان بکەنەوە، پێیان ڕاگەیاندوون کە مافی شینگێڕان و ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان نییە و خەڵکیش مافی نییە بێتە دیداریان.
میدیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەم ٦ پێشمەرگەیە نووسیویەتی؛ لە دوای تێکهەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، ئێوارەی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە گوندی «قزقاپان» لە نزیک ٣ کیلۆمەتریی پیرانشار، ٦ پێشمەرگەی تەشکیلاتی نهێنیی ئەم حیزبە بە ناوەکانی «کارۆ هۆرمۆزیاری»، «فەردین چەنگیزی»، «محەممەد خاکی»، «عهبدوڵڵا محەممەدپوور»، «توانا عوسمانی» و «محەممەدەعین بایزیدی» گیانیان لەدەست دا. حیزبی دێموکرات جەختی کردووەتەوە کە ئەم گرووپە لە پێشمەرگەکان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی سیاسی و تەشکیلاتی کەوتبوونە ناو کەمینی هێزەکانی سپای پاسداران و گیانیان لەدەست داوە.
قەرارگای حەمزەی سپای پاسدارانیش بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک و چەند وێنەیەک لە دوای گیانلەدەستدانی ٥ پێشمەرگە، هەواڵی ئەم تێکهەڵچوونەی پشتڕاست کردووەتەوە و نووسیویەتی لە «کەمینێکدا و بە پاڵپشتیی ئاگر و کەرەستەی سەربازی» ئەم کارەیان ئەنجام داوە.
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمی پێشمەرگە؛ لە سیاسەتی ئەمنییەوە تا پێشێلکاریی بەردەوامی مافی مرۆڤ
بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمی گیانلەدەستداوان و پێشمەرگەکانی حیزبە کوردەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، سیاسەتێکی سیستماتیک و دێرینەیە کە ڕەهەندی ئەمنی، سیاسی و دەروونیی هەیە، و لە سێ تهوەردا شیکاریی بۆ دەکرێت؛
١. پێشینەی مێژوویی بێسەروشوێنکردنی تەرمەکان لە کۆماری ئیسلامیدا
پێشینەی ئەم ڕەفتارە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی؛ لەسێدارەدانەکانی دەیەی ٦٠ و سەرکوتی کوردستان لە ساڵانی یەکەمی شۆڕشەوە تا لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی کورد لە دەیەکانی دواتردا.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، تەرمەکان ڕادەست نەکراونەتەوە یان شوێنی ناشتنیان بە شاراوەیی هێڵدراوەتەوە؛ لەوانەش گۆڕە بێناونیشانەکان و گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەک خاوەران یان ناشتن لە ناوچە دوورەدەستەکان بەبێ مافی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و دانانی کێلی گۆڕ.
٢. ئامانجەکانی حکوومەت و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە
ئەم سیاسەتە بە ڕوانگەیەکی ئەمنی و ئامانجدار جێبەجێ دەکرێت؛ ڕێگریکردن لە گۆڕینی ڕێوڕەسمی خاکسپاردن بۆ کۆبوونەوەی نەڕەزایەتی و هێمای بەرگری، سەپاندنی گوشاری دەروونی و سزای بەکۆمەڵ بەسەر بنەماڵەکاندا لە ڕێگەی بێبەشکردنیان لە ڕێوڕەسمی شینگێڕان و هەڕەشەکردن، و دروستکردنی کەشی ترس و وڵامدەرنەبوونی تەواو سەبارەت بە شوێنی ناشتن و چارەنووسی تەرمەکان، بۆ سنووردارکردنی دەرفەتی مافخوازیی بنەماڵەکان.
٣. ڕەهەندەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەم کارانە بە نموونەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دادەندرێن؛ تاوانێکی بەردەوام کە تا کاتی ڕوونکردنەوەی چارەنووس و شوێنی تەرمەکە درێژەی دەبێت. هەروەها پێشێلکردنی مافی زانینی هەقیەت، مافی شینگێڕان و خاکسپاردنە، و بە نیشانەی ئەشکەنجەی دەروونی و ڕەفتاری نامرۆڤانە لەگەڵ بنەماڵەکاندا ئەژمار دەکرێت.
ڕێگریکردن لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئایینی و کولتووریش، پێشێلکردنی ئەو ئازادییانەیە کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مەدەنی و سیاسیدا هاتوون.