کرێکارێکی سەردەشتی بەهۆی ڕووداوی کار گیانی لەدەست دا

12:39 - 7 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ٦ی سەرماوەز، کرێکارێکی سەردەشتی لە کاتی خاوێنکردنەوەی پاڵاوگەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری مەهاباد، بەهۆی بەربوونەوە بۆ نێو "لاگون" گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کرێکارە سەردەشتییە "سەلاح خالیدی" کوڕی "سەعید"، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەو کرێکارە کوردە، کرێکاری بەشی پاڵاوگەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری مەهاباد بووە و لە کاتی خاوێنکردنەوەی "لاگون" تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

"سەلاح خالیدی" پاش ئەو ڕووداوە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینی" لە شاری مەهاباد کرا، بەڵام بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە پاش چەند کاتژمێر لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی چالاکانی کرێکاری، نەبوونی ئیمەنیی کار، نەبوونی کەلوپەلی ستاندارد، ئەستەمبوونی کار و ماندووبوونی کرێکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی قوربانیبوونی کرێکاران لە کاتی کارکردنە و بەهۆی بیمەنەبوونی ئەو کرێکارانە، بنەماڵەکانیان لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو دەبنەوە.