کرێکارێکی سنەیی لە شاری بانە گیانی لە دەست دا

15:30 - 18 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کرێکارانی بیناسازی خەڵکی شاری سنە، بە هۆی ڕووداوی کارەوە لە شاری بانە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ، کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری سنە، بە هۆی بەربوونەوە لە کاتی کار کردن، گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە ناوی \"فوئاد فەراقی\" تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی شاری سنە ڕاگەیەندراوە.

ئەو کرێکارە کوردە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بۆ کرێکاری ڕووی لە شاری بانە کردبوو و تووشی ئەو رووداوە بوو.

ئەو ڕووداوە، لە کەمەربەندی یەکی شاری بانە ڕوویداوە؛ ئەو کرێکارە پاش بەربوونەوە لە لایەن کرێکارەکانی دیکەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە گوازرایەوە بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانییەوە، گیانی لە دەست دا.

نەبوونی بیمەی کار و یاسای پاراستن و ئیمنی گیانی کرێکاران لەو کێشانەن کە هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران لەگەڵی بەرەوڕوون.