کرێکارێکی سنەی لە شاری تاران گیانی لە دەست دا

21:34 - 16 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری سنە لە شاری تاران پێتەختی وڵاتی ئێران لە کاتی کارکردن تووشی ڕووداوی کار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٤ی گەلاوێژ، کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری سنە لە شاری تاران بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە ناوی \"تەیموور مەلایی\" تەمەن ٢٤ ساڵ دانیشتووی شاری سنە ڕاگەیەندراوە.

دەگوترێ، ئەو کرێکارە کوردە خێزاندارە و باوکی منداڵێکی کەم تەمەنە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، تەیموور مەلایی کرێکاری بیناسازی بووە و لە کاتی جۆشکاری بەهۆی بەربوونەوە لە بینایەکی ١٠ نهۆمی گیانی لە دەست داوە.

هەروەها، ڕۆژی هەینی١٣ی گەلاوێژ، سێ کرێکاری کورد خەڵکی شاری نەغەدە لە کاتی چاک کردنەوەی لوولەی ئاو لە نێو چاڵێکی قووڵ بە هۆی گاز گرتوویەوە گیانیان لە دەست دا.

شوناسی ئەو سێ کرێکارە کوردە بە \"مەسعوود تالبپوور\"، \"سەید جەلال عەزیزیان\" و \"سالار مورادپوور\" ڕاگەیەندراوە.

کرێکارانی بیناسازی لە زۆربەی کرێکاران دیکە زیاتر تووشی ڕووداوی کار دەبن و زۆرترین ڕووداوی کار لە مانگەکانی هاوین ڕوو دەدات.

ڕێژەی مردنی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران ڕۆژانە بە ٦ کەس خەڵمێنراوە و بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار، ڕووداوی کار زیاتر لە ٩٠ هەزار میلیارد تمەن لە ئێران تێچوو هەڵدەگرێت.