کرێکارێکی بیناسازی لە شاری تاران دەسبەسەر کرا

12:17 - 29 جۆزەردان 2720

ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردان، حەیدەر قوربانی، کرێکاری بیناسازی، خەڵکی کامیاران لە ماڵەکەی خۆیدا، لە شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراویان ڕانەگەیەندووە.

حەیدەر قوربانی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندییەکی دوو خولەکی تەلەفوونی لەگەڵ هاوژینەکەی گرتووە.

گوڵاڵە قوربانی بۆ بەدواچوونی بارودۆخی هاوژینەکەی حەیدەر قوربانی، چەندین جار سەردانی لقی ٣ی دادسەرای شاری قودسی کردووه، بەڵام لەو پەیوەندییەدا، وڵامێکی ڕوونیان پێنەداوەتەوە.

گوڵاڵە قوربانی لە لاپەڕەی ئینیستاگرامی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە هاوژینەکەی لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئیڤین دایە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو کرێکارەی بیناسازییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.