کرێکارێکی بۆکانی لە شاری یەزد گیانی لەدەست دا

15:26 - 20 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان، لە بینایەکی نیوەکاری لە شاری یەزد، بە هۆی بەربوونەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان، بە ناوی \"محەممەدڕەزا جەوان\" کوڕی ڕەحیم، لە کاتی کارکردن لە بینایەکی چەند نهۆمی لە شاری یەزد، تووشی ڕووداوی کار بوو.

ئەو کرێکارە کوردە، بە هۆی بەربوونەوە لەو بینایە دەسبەجێی گیانی لەدەست داوە.

لە لایەکی دیکەوە، کرێکاریکی دیکە کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری قورووە، بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە تەڕەبار فرۆشی شاری تاران، سووتا و گیانی لە دەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە، خەڵکی گوندی \"شوراب حاجی\" سەر بە شاری قورووە بووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەممە، کرێکارێکی کورد خەڵکی گوندی \"توارملا\"ی شاری سنە، بە ناوی \"محەممەد مەلایی\" تەمەن ١٩ ساڵ، لە کاتی کارکردن تووشی ڕووداوی کاربوو.