کرێکارێکی بانەیی لە شاری سنە گیانی لەدەست دا

22:27 - 11 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی گیان لەدەستدانی کرێکارانی کورد، کرێکارێکی دیکەی کورد لە شاری سنە لە کاتی کارکردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە، گیانی لەدەست دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارێکی کورد بە ناوی \"هێمن غەفووری\" تەمەن ٣٠ ساڵە و خەڵکی شاری بانە، بە هۆی کەوتنە خوارەوەی لە بەرزکەرەوە (بالابر) بریندار دەبێت.

هێمن خێزاندارە و باوکی کچێکی تەمەن ٥ ساڵانەیە.

پاش ئەو ڕووداوە، ئەو کرێکارە کوردە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، بەڵام بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردان گیانی لەدەست دا.

پزیشکانی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، زەربە وێکەوتن لە سەری ئەو کرێکارە کوردەیان بە هۆکاری گیان لەدەستدانی ناوبراو ڕاگەیاندووە.

بە هۆی نەبوونی مەرجەکانی پارێزراوی لە شوێنی کار، ماوە ماوە شایەتی گیان لەدەستدانی کرێکارانی کورد لە شار و ناوچەکانی کوردستان دەبین.

هەر وەک ساڵانی ڕابردوو، بەربوونەوە لە بەرزایی زیاترین قوربانیی لە کرێکاران گرتووە، بە چەشنێک کە لە ساڵی ١٣٩٤دا، ٦٥٨ کەس بەو هۆکارەوە مردوون.