کرێکارێک لە ئەهواز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

21:53 - 8 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی شاری فەلاحیەی پارێزگای خوزستان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردان، ئیسماعیل شاوەردی بە هۆی وەرنەگرتنی ٦ مانگ پارە لە لایەن شارەدارییەوە، هەوڵی خۆسووتاندنی دا.

ئیسماعیل تەمەنی ٣٠ ساڵە و خێزاندارە.

پێشتریش کرێکارانی شارەداریی شاری فەلاحیە و یەک لەوانە ئیسماعیل، بە هۆی وەرنەگرتنی پارە، حەوتووی ڕابردوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەوڵەکانی شارەداری، لە سەر کارەکەیان مانیان گرت، بەڵام هەتاکوو ئێستا بەرپرسانی شارەداریی پارێزگای خوزستان وەڵامێکیان بە داوکاریی کرێکارانی ئەو شارەدارییە نەداوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە ساڵی ڕابردوودا، لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، یوونس عەساکرە تەمەن ٣٤ ساڵە و خەڵکی شاری خۆڕەمشاری ئەهواز، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، بە هۆی تێکدانی دوکانی میوەفرۆشییەکەی، لە بەرانبەر بینای شارەداری‌دا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، هەروەها ئومید ڕاشدی ئەمیری، تەمەن ٣٦ ساڵە و خەڵکی ڕامشیر، مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بە هۆی دوور خرانەوەی لە سەر کارەکەی و وەرنەگرتنەوەی، لە نێو بینای سێنفیی شاری ڕامشیر هەوڵی خۆسووتاندنی دا و گیانی لەدەست دا.