١٤ کرێکاری کورد چوونە ڕیزی بێکارانی کوردستانەوە

16:10 - 30 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە شاری کرماشان ١٠ کرێکار و لە شاری سنە ٤ کرێکار لەسەر کارەکانیان دەرکران.

حەوتووی ڕابردوو لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە ١٤ کرێکار لەسەر کارەکانیان دەرکران و چوونە ڕیزی بێکارانی ئەو پارێزگانەوە.

شیرکەتی مارپیچ باختەری کرماشان، بە لابردنی دانی دوانیوەڕۆوانی خۆی و زیادکردنی کاتژمێری کارکردنی دانی بەیانیان، کرێکارانی ناچارکردووە ڕۆژی ١٢ کاتژمێر کار بکەن، بەڵام بە سەرنجدان بە شێوە و کاری زۆری ئەم شیرکەتە، ئەم زیادکردنە ناڕەزایەتیی کرێکارانی لێ کەوتووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە شیرکەتی مارپیچ باختەر لە ٤ مانگی ڕابردووەوە تەنیا بڕی نیوەی مووچەی مانگی خاکەلێوەی بە کرێکاران داوە، سەرەڕای ئەمەش، لە چەند مانگی ڕابردووەوە ژمارەیەک لە کرێکارانی خۆی، بە بیانووگەلێکی وەک دانیشتن لەسەر کار، یان وەرگرتنی پشووی لەڕادەبەدەر دەرکردووە.

هەروەها لە پارێزگای سنە، کارخانەی ڕۆیا پلاستیکی سنە، لانیکەم ٤ کەس لە کرێکارانی ئەم کارخانەیەی لەسەر کار دەرکردووە.

خاوەنکاری کارخانەی ڕۆیا پلاستیک، کە دەفری \"تاکەجاری\" بەرهەم دەهێنێت، ٤ کرێکاری خۆی کە هەر یەکەیان ٧ هەتا ١٥ ساڵ پێشینەی کارکردنیان لەم کۆمپانیایە هەیە لەسەر کار دەرکراون، ئەم دەرکردنانە ناڕەزایەتیی کرێکارانی دیکەی ئەم کارخانەی لێ کەوتووەتەوە.