٢٥ کرێکاری کورد لە کرماشان، بوونە قوربانیی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی

16:01 - 14 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە رووداوێکی ماشێندا لە یەکێک لە جاددەکانی ئوستانی کرماشان، ٨ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی رابردوو لە ئەنجامی پێکدادانی مینی‌بووسێک لەگەڵ ئوتۆبوسێکی جۆری (وەڵڤۆ) لە جاددەی نێوان ئیسلام‌ئابادی رۆژئاوا – حۆمیل و لە سێ رێیانی گوندی \"چقاجنگە\"، زیاتر لە ٢٥ کەس بوونە قوربانی.

لەم رووداوەدا، شەش کەس لە سەرنشینانی مینی‌بووسەکە دەستەبجێ گیانیان لەدەست داو دوو کەسی دیکەش پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا.

زۆرترین کوژراوەکان و بریندارەکانی ئەم رووداوە کرێکارە کوردەکانی خەڵکی دۆڵە درێژ \"درەدراز\" (شەهرەکی مەهدیە)ی کرماشان بوون، کە بۆ کاروباری وەرزێڕی روویان لە مووچە و مەزراکانی بەخشی کۆزەران کردبوو.

میدیا حکوومەتییەکان باسیان لە راگواستنی لانیکەم ٢٠ بریندار بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئیسلام‌ئابادی غەرب و کرماشان کردووە، کە ٥ کەس لە بریندارەکان سەریان بە توندی بریندار بووەو بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

ئەو جاددەیە بە یەکێک لەو رێگەوبانانە دادەندرێت، کە زۆرترین رووداوی هاتوچۆی تێدا روو ئەدات، کە لە رووی ستاندارسازی و کۆنتڕۆڵەوە لەلایەن بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەتایبەت ئیدارەی رێگە و شارسازی و پۆلیسەوە بەرەوڕووی ئەوپەڕی کەمتەرخەمی بۆتەوە.

دەگوترێت، لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی مینی‌بووسەکە و لادان بۆ نێو جاددەکە، هۆکاری هاتنە ئارای ئەو رووداوە بووە.

هەروەها رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردوو لە کەمەربەندیی کرماشان و لە دەراوی گوندی \"پشتکەش\"، لە ئەنجامی پێکدادانی ماشێنێکی بارهەڵگر لەگەڵ ماشێنێکی جۆری \"ئاڕ.دی\"، کەسێک کوژرا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەرپرسی ناوەندی رووداو و فریاکەوتنی (پزیشکیی) زانکۆی زانسیتی پزیشکیی ئوستانی کرماشان بە هەواڵدەریی مێهری راگەیاندووە؛ ئەو کەسەی گیانی لەدەست داوە، هاووڵاتییەکی عێراقی بووە و بریندارەکانیش لەکاتی راگواستن بۆ نەخۆشخانە باری تەندروستییان نالەبار بووە.

بەپێی ئاماری ئیدارەی پزیشکی دادوەریی کرماشان، لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ٦٠٤ کەس لەو ئوستانە و لە رووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوەو ١٠ هەزار و ٨٢٥ کەسیش تووشی برینداری هاتوون.

ساڵانە لە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار کەس لە وڵاتی ئێران بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست ئەدەن.