٤ کرێکاری کارگەیەک لە سنە لەسەر کار دەرکران

13:46 - 13 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: کارخانەی کاشی\" کەسرا\" لە شاری سنە ٤ کرێکاری ئەو کارخانەیەی لەسەر کار دەرکرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان، خاوەنکاری کارگەی کاشی کەسرا ٤ کرێکاری ئەو کارگەیەی لەسەر کار دەکرد.

سوبحان سەمەدی هەڵیزاوا، ئەمیر ئەرشەدی، ئەفشین ئیبراهیمی سەڵواتاوا و حەمید ئەرشەدی ئەو چوار کرێکارەن کە لەسەر کار دەرکراون.

ئەو کارگەیەیە لەسەر رێگای سنە بۆ هەمەدان و بە مەودای ٢٥ کیلۆمیتر دوور لە شاری سنە هەڵکەوتووە و پێشتریش لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا ٢ کرێکاری دیکەیان لەسەر کار دەرکردبوو.

کارناسانی ئابووری و سیاسی لەسەر ئەو بڕوایەن بوونی گەمارۆکان زۆرترین کاریگەری لەسەر کەرتەکانی گەورە و بچووکی بەرهەم هێنان بە تایبەتی لە ناوچە پەراوێز خراوەکانی ئێران داناوە و بەم پێیە رەوتی دەرکرانی کرێکار و داخرانی کارخانەکان روو لە زیاد بوون دەکات.

ماوەیەک پێش ئێستا بە هۆی داخرانی ٦٥ کارگەی بەرهەمهێنانی چایی لە باکووری ئێران سەرجەم ٣٢٥٠ کرێکاری ئەو کارگەیانە لە دوو پارێزگای \"گیلان و مازندەران\" بێکار بوون.