٧٠ کرێکاری شارەداریی شاری ئیلام، سێ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە

11:54 - 25 جۆزەردان 2721

نزیکەی ٧٠ کەس لە کرێکارانی شارەداریی شاری ئیلام، ماوەی سێ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش ژیانی ئەو کرێکارانەی تووشی قەیران کردووە.

ئەو ٧٠ کرێکارە، لە کرێکارانی خەدەماتی شاری ئیلامن.

بە وتەی یەکێک لەو کرێکارانە، هەر کام لەو ٧٠ کرێکارە ماوەی ٥ هەتا ٦ ساڵ پیشینەی کاریان هەیە و لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، هەتا ئێستا، لەلایەن شارەدارییەوە، پارەیان پێ نەدراوە.

ئەو کرێکارە هەروەها وتوویەتی کە سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕینمان لە دواکەوتنی سێ مانگ حەقدەست، وڵامی هەموو ناڕەزایەتییەکانی ئێمە، تەنیا یەک ڕستەیە؛ "ئەگەرناتانهەوێ  لێرە بڕۆن"، ئێمە پاش ٦ ساڵ پیشینەی کارکردن لە شارەداری کوێمان هەیە برۆین؟

سەرەڕای دواکەوتنی پارەی سێ مانگی کرێکارانی شارەداریی ئیلام، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەو شارەدارییە ڕایگەیاندووە: "دواکەوتنی پارەی ئەو ٧٠ کرێکارە لە ئەستۆی شارەداری نییە و ئەوان لەگەڵ خاوەن شیرکەتەکان بەرەڕوون".

پێشتریش و لەو پەیوەندییەدا، کرێکارانی شارەداریی شاری ئابدانانی پارێزگای ئیلام، ماوەی ٥ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو کرێکارانە.