٥٠ کرێکاری بەنداوی بنیەر لە شاری سنە، لەسەر کار دەرکران

14:27 - 15 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: پڕۆژەیەکی راگواستنی ئاو لە ئوستانی کوردستان، کە بە مەبەستی رەخساندنی هەلی کار و بووژانەوەی ئابووری لە شاری قوروە و دێولان چالاکی دەکات، بەشێک لەکرێکارە کوردەکانی خۆی لەسەر کار دەرکرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دامەزراوەی ئاروەندان لە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی بنیەر لە شاری سنە، ٥٠ کەس لەکرێکارە خۆجێیەکانی خۆی، کە هەموویان هاووڵاتیی کورد بوون، لەسەر کار دەرکرد.

ئاوی ئەو بەنداوە کە بە مەبەستی رەخساندنی هەلی کار و رێگری کردن لەداخرانی کارگەکان و هەروەها دابین کردنی ئاوی شاری قوروەو ئاوی وەرزێڕیی گوندەکانی دەشتی قوروە، رادەگوێزرێت، پرۆژەی راگواستنی ئاوەکە بەهۆی نەبوونی بودجە و دەرکرانی کرێکارەکانییەوە، لە بەرەبەری هەڵوەشانەوەدایە.

لەلایەکی دیکەوەو لە چەند رۆژی رابردوودا خاوەنکاری پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی هیروێ لە ناوچەی نەوسوود، بەشێک لە کرێکارە خۆجێیەکانی خۆی لەسەر کار دەرکرد.

خاوەنکاری ئەو پرۆژەیە، کە بە بیانووی کەمیی بودجە ٣٥ کەس لە کرێکارە کوردەکانی خۆی لەسەر کار دەرکردووە، بە گوتەی کرێکارانی ئەو بەنداوە، خاوەنکاری پرۆژەکە بڕیاری داوە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکە لە کرێکارانی بەنداوەکە دەر بکات.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا و لە ئەنجامی قووڵبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ئوستانە پەراوێزخراوەکان، کە بە بڕوای کارناسان لە ئەنجامی پلانڕێژیی نادروستی دەوڵەت و کارێگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان، بەهۆی زێدەڕۆیی حکوومەتی ئیسلامی لەمەڕ بەرنامە ناوکییەکەی، زۆربەی کارگە پیشەیی و بەرهەمهێنانەکان یەک لەدوای یەک بەرەوڕووی داخران دەبنەوە.

رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ، نوێنەری رێکخراوی سەنعەت و مەعدەنی ئوستانی کوردستان لە دانیشتنێکدا کە بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ دەربازبوونی کارگە داخراو و نیوە داخراوەکان لەو دۆخە هەنووکەییە رێکخرابوو، رایگەیاندبوو؛ هەنووکە لە سەدا ٤٠ هەتا ٥٠ی یەکەکانی بەرهەمهێنان بەهۆی نەبوونی بودجە و بێ هیوایی بە بەردەوامیی کارەکانیان، لە حاڵەتی داخراو و نیوە داخراودان.