کرێکارانی کوشتارگای شاری ئیلام، ماوەی ١٤ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە

15:47 - 19 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی کوشتارگای ئیلام، ماوەی ١٤ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و خوازیاری هەرچی زووتر پێڕاگەیشتن بە دۆخی نالەباریانن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ١٤ مانگی ڕابردوودا، کرێکارانی کوشتارگای شاری ئیلام، پارەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش کێشەی بۆ بنەماڵەی ئەو کرێکارانە درووست کردووە.

\"ئیلنا\"، هەواڵدەریی حکوومەتی، لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە کرێکارانی ئەو کوشتارگایە، هیچ هیوایەکیان بە کارکردن لەو کوشتارگایەدا نەماوە و خوازیاری هەرچی زووتر پێڕاگەیشتن بە دواکەوتنی ١٤ مانگ حەقدەستیانن.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای گۆڕینی سەرپەرەستی کوشتارگای شاری ئیلام، کرێکارانی ئەو کوشتارگایە بۆ وەرگرتنی پارەکەیان، سەردانی پارێزگا، دادگوستەری و زۆرێک لە دامودەزگاکانیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا وڵامێکی ئەرێنییان دەست نەکەوتووە و ئەو ناوەندانە پێیان ڕاگەیاندوون کە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە.

کوشتارگای شاری ئیلام، لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧دا، خراوەتەوە موزایدە و کەسێکی کرماشانی ئەو موزایدەی بردووەتەوە و کرێکارانی ئەو کوشتارگایە دەڵێن هەتا ئەو کوشتارگایە کە لە بەشی کەرتی تایبەتدا بێت هیچ هیوایەکیان بە بووژاندنەوەی ئەو کوشتارگایە نییە.