کرێکارانی کورد لە لایەن شارەداریی ئابدانانەوە دەرکران

15:49 - 20 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی شارەداریی ئابدانان لە پارێزگای ئیلام ژمارەیەک کرێکاری بەپێشینەیان لە سەر کارەکانیان دەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو ژمارەیەک لە کرێکارانی خزمەتگوزاریی شارەداریی ئابدانان لە لایەن بەرپرسەکانیانەوە دەرکران.

بێکاریی ئەو کرێکارانە کە پێشینەی ١٠ تا ١٥ ساڵ کارکردنیان لە شارەداری‌دا هەبووە بە بیانووی \"کەم‌بوونەی ئیعتبارات\" بووە.

سەرچاوە هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن کە؛ ئەو کرێکارە دەرکراوانە لە بەشی کرێکارانی شیرکەتی و خزمەتگوزاریی شارەداریی ئابداناندا بوونه.

یەکێک لەو کرێکارە دەرکراوانە سەرەڕای بەداخبوونی لەو کردەوەیەی بەرپرسانی شارەداری، باسی لەوە کردووه کە؛ هەر گەڕەکێک یەک کرێکاری هەبووە، بەڵام ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان کە بۆ دوو گەڕەک یەک کرێکار دابنێن و هیچ کرێکارێکی پاکەوان ناتوانێت زبڵی دوو گەڕەک کۆ کاتەوە.

ئەو کرێکارە پاکەوانە سیاسەتی دەرکردنی کرێکارانی بەپێشینە و ناوزەد کردنی ئەمساڵ وەکوو ساڵی \"ئابووریی خۆڕاگریی و بەرهەم و کار\"ـی لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تەنیا به دروشمێکی نێوبەتاڵ وەسف کرد.

پێشتریش میدیاکانی حکوومەتی باسیان لە شەپۆلێکی بەرینی کۆچبەری لە شاری ئابدانان بۆ ناوچەکانی دیکەی ناوەندی ئیران کردبوو و هۆکاری ئەو کۆچبەرییەیان بۆ \"نەبوونی سەرمایەگوزاری، ڕێگای باش بۆ ناوەندی پارێزگا،
کارخانە و پیشەسازی و نزمیی ئاستی ئابووری\" گەڕاندووەتەوە.

شارستانی ئابدانان ٥٥ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و لە ١٧٠ کیلۆمیتریی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئیلام هەڵکەوتووە.