کرێکارانی کشت و سەنعەتی مەهاباد ١٦ مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە

14:04 - 21 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ژێر گوشاری هیزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی لە شاری مەهاباد، کرێکارانی ناوەندی پیشەی کشت و سەنعەتی ئەو شارە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە وەرنەگرتنی حەقدەستی ١٦ مانگەیان، مانیان گرتبوو، خێوەتەکانیان کۆکرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ بەفرانبار، هێزە ئینتزامییەکان لە سەر سکاڵای خاوەنکاری شیرکەتی کشت و سنعەتی شاری مەهاباد، هیزە ئینتزامییەکان خێوەتەکانیان بە کرێکارانی ناڕازیی کۆ کردەوە.

هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، باسی لەوە کرد کە؛ زیاتر لە ٥٠ کرێکاری ناوەندی پیشەی کشت و سەنعەتی شاری مەهاباد لە کەش و هەوایەکی سارددا لە بەرانبەر نووسینگەی ئەو شیرکەتە درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.

ئەو سەرچاویە ئەوەشی خستەڕوو کە، زیاتر لە ساڵێک و چەند مانگە، نەتەنیا حەق دەست و پارەمان وەرنەگرتووە، بەڵکوو ئێمەیان ناچار کرد خێوەتەکانیشمان کۆ بکەینەوە.

ئەو سەرچاویە لە درێژەدا دەڵێت: لە ماوەی سی و هەشت ڕۆژی مانگرتنی کرێکاران بۆ وەرگرتنی حەقدەستیان، بەرپرسانی خۆجێی و ئوستانی وڵامدەریی داواکاری کرێکاران نەبوون.

کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەو باریەوە بڵاوی کردەوە کە، ناوەندی پیشەی کشت و سنعەتی شاری مەهاباد پاش سپاردنی ئەو شیرکەتە لە ڕێگای موزایدەوە، زیاتر لە ١٦ مانگە، کرێکارەکانی لە حەقدەستەکانیان بێبەش کردووە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەشێکی بەرچاو لە ناوەند و کەرتە پیشەییەکانی کوردستان تووشی کێشەی ماڵی بوون و حەقدەستی کرێکارانیش زۆر جار بە دە مانگ وەدوا دەکەوێت.