کرێکارانی کارگەی \"زاگروس\"‌ی قوروە لەبەردەم فەرمانداری ناڕەزایەتییان دەربڕی

13:51 - 10 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: نزیک بە ٢٠٠ کرێکاری کارگەی \"فولاد زاگروس\" لەشاری قوروە ناڕەزایەتیان بە دواکەوتنی مووچەی ٧ مانگەیان دەربڕی و لەبەردەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوەیان پێکهێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رێبەندان نزیک بە ٢٠٠ کرێکار، کە ٧ مانگە مووچەیان پێ‌نەدراوە، بە پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوازیاری پێڕاگەیشتن بە کێشەکانیان بوون.

کرێکارانی ناڕازی کارگەی تواندنەوەی فوولادی زاگرۆس وتووشیانە، \"خاوەن کارەکانمان ماوەی پێنج مانگیشە بیمەی ئێمەیان رەوانەی ئیدارەی تەئمین ئئێجتماعی نەکردووە و لەو ماوەیەدا نەمانتوانیوە کەڵک لەخزمەتگوزارییە پزیشکییەکان وەربگرین\".

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"‌ش بڵاوی کردبۆوە، ژمارەیەک لەکرێکاران بە نوێنەرایەتی کرێکارانی کارگەی تواندنەوەی ئاسنی زاگرۆس سەردانی فەرمانداریی شارستانی قوروەیان کردووە.

ماوەی چەند مانگ لەمەوبەریش کرێکارانی لەسەر کار دەرکراوی کارگەی \"زاگرۆس\"ی شاری قوروە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسەر کار دەرکرانیان لە بەردەم مەجلیسی ئێران و بینای \"بەیتی رێبەری\" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنابوو.

ئەو کرێکارانە لەلایەن خاوەنکارەوە بەبیانووی کێشەی ئابووری و خراپیی چەندین کوورەی کارگەی زاگرۆس لە شاری قوروە، لەسەر کار دەکرابوون و هاوکات مووچەی ٣ مانگیشیان پێ نەدرابوو.

هەر ئەوکات خاوەنکاری کارگەی زاگرۆس و بەرپرسانی حکوومەتی لەتاران و هەروەها ئوستانداریی سنە بەڵێنی چارەسەریی کێشەکانیان بە کرێکاران دا، بەڵام کۆبوونەوەی دووبارەی کرێکاران دەرخەری ئەوەیە کە کێشانە وەکوو خۆی ماوەتەوە.

کێشەیەکی دیکە کە ماوەی چەندین ساڵە بەرۆکی کرێکارانی گرتۆتەوە، پرسی دیاریکردنی حەقدەستەکانیانە و کرێکاران لەو باوەڕەدان، ئەو حەقدەستەی کە لەلایەن شۆرای دیاریکردنی حەقدەستەوە، دیاری دەکرێ‌وڵامدەری پێداویستییەکانی کرێکاران نییە
.هاوکات لێژنەی بەڕێوەبەریی کانوونی باڵای ئەنجومەنەکانی سینفی کرێکاران لەئێران، ناڕەزایەتیان بە شێوەی پێکهێنای ئەو شۆرایە دەربڕیوە و رایان وایە کە ئەندامەکانی ئەو شۆرایە بەشێوەی دادپەروەرانە دانەندراون.

شۆرای باڵای کار( دیاری کردنی حەقدەست) لە سێ‌نوێنەری کرێکاران، سێ‌نوێنەری خاوەنکار و پێنج نوێنەری دەوڵەت پێکهاتووە.

لێژنەی بەرێوەبەریی کانوونی باڵای ئەنجومەنەکانی سینفی کرێکاران لەو باوەڕەدان سێ‌نوێنەر بۆ کرێکاران زۆر کەمە و نوێنەرانی خاوەنکار و دەوڵەت دەتوانن لەگەڵ یەک رێک‌بکەون و بڕیاری خۆیان بەسەر کرێکاراندا بسەپێنن.

لە کوردستانیش دامەزراوە کرێکارییەکان ناڕەزایەتییان بەشێوەی پێکهاتنی ئەو شۆرایە دەربڕیوە و خوازیاری پێداچوونەوە بە پێکهاتەی شۆرای باڵای کاردا بوون.

لە ئوستانی کوردستان ٨٦ دامەزراوەوی کرێکاری و خاوەنکاری چالاکییان هەیە و لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١٨ دامەزراوەی کرێکاریی، ١٨ شۆرای ئیسلامیی کار، ١٠ ئەنجومەنی سینفیی کرێکاری، سێ‌کانوونی کرێکارانی خانەنشین کراو، ٣٤ ئەنجومەنی خاوەنکاریی و سێ‌کانوونی ئەنجومەنی سینفی بوونە هەیە.