کرێکارانی کارخانەی پیترۆشیمیی مەهاباد، بەهۆی پێنەدرانی مووچە مانیان گرتووە

14:04 - 12 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شیرکەتی (ناوروود) لە کارخانەی پیترۆشیمیی مەهاباد، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە وڵامنەدانەوەی بەرپرسی ئەو شیرکەتە لەمەڕ مووچەی وەدواکەوتوویان، مانیان گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای ئەویکە کرێکارانی کارخانەی پیترۆشییمیی مەهاباد، ماوەی حەوت رۆژە بەهۆی پێنەدرانی مووچەکەیانەوە مانیان گرتووە، هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسی ئەو شیرکەتەوە هیچ وڵامێکیان پێندراوەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد رایگەیاند؛ ئەندازیار و کرێکارانی ئەو شیرکەتە ماوەی سێ مانگە مووچەیان پێنەدراوەو هەر بۆیە کرێکارانیش ناچار بە مانگرتن بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، نزیک بە تێکڕای کرێکاران خێزاندارن و جگە لە کارکردن لەو شیرکەتە، هیچ کار و داهاتێکی دیکەیان نییە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، کرێکارە کوردەکان لەو پرۆژەیەدا بە شێویەکی زۆر دژوار کار دەکەن و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی وەکوو بیمەی دەرمانی بێبەرین. 

لە کۆی ٧٠٠ کرێکاری ئەو کارخانەیە، تەنیا نزیک بە ٤٠ کەسیان لە هاووڵاتییانی کورد پێکهاتوون، ئەوەش لە حالێکدایە، کە بەرپرسانی ئەو شایرکەتە لە کاتی وەرگرتنی کرێکار و ئەندازیاراندا، خۆجێیی بوون مەرجی یەکەم وەرگیران و دامەزران لەو شیرکەتەدا بووە.

کارخانەی پێترۆشیمیی ئەو شارە لە نزیک ئاوایی \"دریاز\" و \"قونقەڵا\" لە ١٥ کیلۆمیتریی شاری مەهاباد هەڵکەوتووەو زێراب و پاشماوەی ئەو کارخانەیە بەرەو زەوییە کشتوکاڵی و باخاتەکانی دەشتی شاروێرانی مەهاباد دەڕوات.

لەلایەکی دیکەوە و بە وتەی کارناسانی ژینگەپاریزی، ماددەی شیمیایی و زێرابی ئەو کارخانەیە نە تەنیا راستەوخۆ دەبێتە هۆی لەناوچوونی باخات و زەوییە کشتووکاڵییەکان و پیس بوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەی مەهاباد، بەڵکوو بە تێپەڕبوونی کات سەرجەم ئاوە ژێر زەوییەکانیش بەرەوڕووی ویشک بوون دەکاتەوە.

ئارام. ح