کرێکارانی پێترۆشیمیی مەهاباد بەکۆمەڵ دەردەکرێن

17:06 - 7 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: لانیکەم ٥٠ کرێکاری پێترۆشیمیی مەهاباد لە بەرەبەری دەرکردندان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، بەرپرسانی شیرکەتی پێترۆشیمی شاری مەهاباد ڕایانگەیاندووە کە؛ ئەم کردەوەیە بۆ هاوسەنگ کردنی هێزیی مرۆیی و کەم کردنەوەی تێچووی ماڵیە.

ئەم وتانەی بەرپرسانی پێترۆشیمیی مەهاباد لە کاتێکدایە کە؛ کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە گەورەترین گرفتی پێترۆشیمیی ئەم شارە لە بەشی بەرهەمهێناندایە و پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی خێرا و بناغەیی هەیە.

گرێبەستی زۆربەی هەرە زۆری کەسانی خۆجێیی کە لەم شیرکەتەدا کار دەکەن لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووەتەوە.

١٧ کەس لەو ٥٠ کرێکارە لە کەسانی بە ئەزموونی ئەم شیرکەتە بەئەژماردێن کە لە لایەن ئەم شیرکەتەوە گرێبەستیان نۆێ نەکراوەتەوە و حوکمی دەرکردنیان دراوە.

لە درێژەی بە کۆمەڵ دەرکردنی کارمەندان و کرێکارانی ئەم شیرکەتەدا، بەرپرسی ئەم بەشە بۆ دەرباز بوون لە فشاری ماڵپەڕەکان و ڕاگەیەنەکان، ٣٠ کەس لەو کرێکارانەی کە حوکمی دەرکرانیان دراوە، تا کۆتایی مانگی جۆزەردانی ئەو ساڵ ڕاگیراون.

چالاکانی کرێکاری بە هەواڵنێریی کوردپایان ڕاگەیاندووە کە؛ \"بەرپرسانی پێترۆشیمیی مەهاباد بەو کەسانەیان ڕاگەیاندەبوو کە بۆ ناوەندی میاندواو دەگوازرێنەوە، بەڵام پێترۆشیمیی میاندواو تەنیا سێ کەس لەو کەسانەی گل داوەتەوە\".

ساڵی ڕابردوو بەرپرسی خزمەتگوزاری تێکنیکیی پێترۆشیمیی مەهاباد لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی‌دا ڕایگەیاندبوو کە؛ \"پێترۆشیمیی مەهاباد لە ئێستادا بۆ ٨٠٠ کەس ڕاستەوخۆ و بۆ دوو هەزار کەس ناڕاستەوخۆ بەستێنی کار و چالاکی ڕەخساندووە\".

چالاکانی خۆجێیی ئەم شارە بە هەواڵنێری کوردپا لەم شارەیان ڕایانگەیاندووە کە؛ \"دەرکردنی کارمەندانی خۆجێیی ئەم شارە لە پێترۆشیمی مەهاباد، دەکەوێتە خانەی سیاسەتی هەڵاواردانی نەتەوەیی لەم پارێزگایە\".