کرێکارانی لەسەرکار دەرکراوی شیرکەتی پیترۆشیمیی ئیلام، بە بەڵگە خاوەنکارەکەیان مەحکووم کرد

16:02 - 6 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: خاوەنکاری پرۆژەی پیترۆشیمیی ئیلام، سەرەڕای ئەوەیکە لە لایەن لێژنەی پێڕاگەیشتنی ئیدارەی کارەوە مەحکووم کرا، خۆی لە دانی مووچەی دواکەوتووی کرێکارانی لەسەر کار درکراو بواردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری لەسەرکار دەرکراوی پیترۆشیمیی ئیلام کۆمەڵێک \"بەڵگەی نوێ\"یان بڵاو کردۆتەوە، کە تیایدا خاوەنکاری شیرکەتەکە، لەلایەن لێژنەکانی پێڕاگەیشتنی ئیدارەی کار و بەشی ئیجرایی دادگوستەرییەوە مەحکووم کراوە.

لەو حوکمەدا، خاوەنکاری پرژەی پیترۆشیمیی ئیلام دەبێ ٥٠ ملوین تمەن مووچەی وەدواکەوتووی ١٠٤ کرێکاری لەسەرکار دەرکراو بدات و بیانگەڕێنێتەوە بۆسەر کارەکانیان.

کۆتاییەکانی مانگی رابردووش کرێکارانی ناڕازی لەبەردەم مەجلیسی ئیسلامی و دیوانی عەداڵەتی ئیداری مانیان گرتبوو، کە هەتا ئێستا بە داوا و خواستەکانیان نەگەیشتوون.

\"23331.jpg\"
رۆژی رابردوو کرێکارانی لەسەرکار دەرکراو، حوکمی لێژنەی پێڕاگەیشتنی ئیدارەی کار و بەشی جیبەجێکردنی دادگوستەرییان لە هەواڵدەریی ئیلنادا بڵاو کردەوەو هەتا بەو شێوەیە وتەی بەرپرسان و خاوەنکاری شیرکەتی پیترۆشیمیی ئیلام رەت بکەنەوە.

ماوەیەک پێش ئیستاش هەوالدەریی فەرمیی \"دەوڵەت\" لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی شیرکەتی پیترۆشیمیی ئیلامەوە بلاوی کردبوویەوە، مانگرتنی نزیک بە ٤٠ کرێکار لە بەردەم مەجلیس بۆ وەرگرتنی هەقدەست و مووچەکانیان نییە، بەڵکوو دەیانهەوێ لەم شیرکەتە وەربگیرێن، کە مەرجەکانی وەرگیرانیان تێدا نییە.

لەو بەڵگانەدا کە بڵاو بۆتەوە، خاوەنکار بە پێدانی ٥٠ ملوێن تمەن مووچەی وەدواکەوتووی کرێکاران و وەرگرتنەوەی ١٠٠ کرێکایلەسەر کار دەرکراو بە گرێبەست مەحکووم کراوە.

ناوەڕاستی مانگی رێبەندانی ساڵی رابردووش ئەو شیرکەتە زیاتر لە ٥٠ کرێکاری خۆی لەسەرکار دەرکردبوو.

حوکمی لێژنەی پێڕاگەیشتنی ئیدارەی کار لە کاتێکدایە، کە خاوەنکاری شیرکەتی پیترۆشیمیی ئیلام چەندین جار بە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی راگەیاندبوو، کە حوکمی کرێکاران بەدژی کرێکاران دەرچووە.

هەروەها ساڵی رابردووش رێکخراوی پێڕاگەیشتنی و چاوەدێریی وڵاتی ئێران باسی لە گەندەڵییەکی ٥ ملیارد تمەنی لە بەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئەو شیرکەتەدا کردبوو.
\"23329.jpg\"

\"23330.jpg\"