کرێکارانی شیرکەتی ئوتووبانی سەقز- بۆکان پارەیان وەرنەگرتووە

10:24 - 11 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شیرکەتی خاوەنکاری ئوتووبانی سەقز- بۆکان، ماوەی ٦ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێنەدانی پارەی ٦ مانگەی کرێکارانی شیرکەتی خاوەنکاری ئوتووبانی سەقز- بۆکان، ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئەو شیرکەتەی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "سەرەڕای پێینەدانی ٦ مانگ لە مووچەی کرێکاران ئوتووبانی سەقز- بۆکان، تەنانەت شیرکەتی خاوەنکار، ئیزافەکاریی بۆ حەسێب نەکردوون".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "خاوەنکارەکە ساڵی ٩٦ی هەتاوی لەو ئوتووبانەدا دەستی بە کار کردووە و زیاتر لە ٧٠ کەسی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کارە دامەزراندووە و ماوەی ٦ مانگیشە پارەیان وەرنەگرتووە".

دەوترێت، بەهۆی تەرخان نەکردنی پارە لە لایەن وەزارەتی ڕێگاوبان و کێشەی ماڵی، ئەو شیرکەتە لە دانی پارە بەو کرێکارانە، دۆش داماوە.

وەزارەتی ڕێگاوبان، بڕی ٧ میلیارد تەمەن بە شیرکەتی ئاو و خاکی پارس قەرزدارە کە بەهۆی پێینەدانی ئەو بڕە پارەیە، ئەو شیرکەتەی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە.