کرێکارانی شارەدارییەکانی شنۆ و سنە هەرکامیان ٧ و ٥ مانگە پاڕەیان وەرنەگرتووە

13:30 - 22 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی دوو شارەداری لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە، هەر کامیان ماوەی ٧ مانگ و ٥ مانگە پاڕەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەداری شاری نەڵۆس سەر بە شاری شنۆ، ماوەی ٧ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و ئەو کرێکارانە تەنیا توانییوانە بڕی ٢ میلیۆن ٥٠٠ هەزار تمەن لە شارەداری نەڵۆس وەربگرن.

بە وتەی یەکێک لە کرێکارانی شارەداری نەڵۆس، سەرەڕای دۆخی خرابی ئابووری و نەبوونی پارە بۆ کڕینی شتومەکی ڕۆژانە، ئێمە دەبێت دەست بە سواڵ کردن بکەین.

بە وتەی ئەو کرێکارە، ماوەی ٧ مانگە شارەداری نەڵۆس، پارەی بە ئێمە نەداوە.
لە لایەکی دیکەوە، کرێکارانی شارەداری شاری سنە کە بە شێوەی وەرزی لەو شارەدارییە کار دەکەن، ماوەی ٥ مانگە حەقدەستیان پێی نەدراوە.

ئەو کرێکارانە، نزیکەی ٤٠ کەسەن و زۆربەیان لە کرێکارانی فەزای سەوزیی شارەداری ناوچەی ٢ سنەن.

ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەر، ئەو کرێکارانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە دواکەوتنی پارەی ٥ مانگ مووچەکەیان لە بەردەم بینای ئەو شارەدارییە کۆبوونەوە و نارەزایەتییان دەربڕی.

کرێکارانی وەرزی لە کوردستان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لە ڕاستای وەچەنگ خستنی قازانجی زۆر، تووشی حاڵەتی کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لەلایەن خاوەنکارەوە دەبن و بە گشتی هیچ کام لە یاساکانی کار کرێکاران ناگرێتەوە.