کرێکارانی شارەداریی مەریوان ٨ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە

11:36 - 2 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی خاوێنەکەرەوەی (پاکبانان) شاری مەریوان، بەهۆی ئەوەی کە ٨ مانگە موچەیان پێ نەدراوە، شەوی ڕابروو مانیان گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی شارەداریی مەریوان، ماوەی ٨ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە. لەو پەیوەندییەدا، شەوی ١ لەسەر ٢ی بەفرانبار، مانیان گرتووە و کاریان نەکردووە.

یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی مەریوان ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو، هەموو کرێکارانی شارەداری وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک لە هەمبەر دواکەوتنی پارەی ٨ مانگەیان، لە چوونە سەر کار خۆیان بوارد و مانیان گرت".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "بەشێک لەو کرێکارانە، بە شێوەی گرێبەست لەو ناوەندە خزمەتگوزارییەدا کار دەکەن و دواکەوتنی پارەکەیان، کێشەی بۆ بنەماڵەکەیان دروست کردووە".