کرێکارانی شارەداریی قوروە بەهۆی دواکەوتنی پارەی ٥ مانگیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنا

16:01 - 9 سەرماوەز 2721

 کرێکارانی شارەداریی قوروە سەر بە پارێزگای سنە، ماوەی ٥ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و ڕۆژی ڕابردوو، لە بەردەم بینای شارەدایی ئەو شارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هەواڵدەرییەکانی حکوومەت لە سنە لە زاری چەند کرێکارێکی شارەداریی قوروە، بڵاویان کردووەتەوە کە سەرەڕای دواکەوتنی پارەی ئەو ٥ مانگە، بەرپرسانی شارەداری هیچ بەرنامەیەکیان بۆ دانی پارەی ئەو ٥ مانگە نییە.

یەکێک لەو کرێکارانە هەروەها ڕایگەیاندووە کە خاوەنکاری بەرپرسی دانی پارەی کرێکارانی شاری قوروە، وەڵامدەری داواکاریی ئەو کرێکارانە نییە و داواکارییەکانیانی پشتگوێ خستووە.

یەکێکی دیکە لەو کرێکارانە، بەو هەواڵدەرییە حکوومەتییەی ڕاگەیاندووە کە لەلایەکی دیکەوە ماوەی ٨٠ ڕۆژە کە شارەداری قوروە بەرپرسایەتیی دانی پارەی کرێکارانی گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام تەنیا پارەی یەک مانگی ئەو کرێکارانەی داوە و پارەی ٥٠ ڕۆژی ئەو کرێکارانە هەتا ئێستا نەدراون.

هەروەها یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی شاری قوروە لەهەمبەر دواکەوتنی پارەی کرێکارانی شارەداری و مانگرتنیان نووسیویەتی: "شارەدار ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی بە شتێکی ئاسایی زانیوە و ڕایگەیاندووە کە ڕۆژانە لە ئێران ئەو چەشنە کۆبوونەوانە ڕوو دەدەن".