کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە برد

21:38 - 16 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان نیسبەت بە وەرنەگرتنی پارەی دواکەوتنیان لە لایەن ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییەوە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی پووشپەڕ، ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان، کە ماوەی ٩ مانگە حەقدەستیان مووچەیان وەرنەگرتووە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر بینای ئەو ناوەندە حکوومەتییە دەربڕی.

یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان لە پەیوەندیی لەگەڵ وەرنەگرتنی حەقدەستیان ڕاگەیاند: \"ماوەی ١٥ مانگە پارەی ئیزافەکاری، ٩ مانگ یارمەتی و هەروەها ماوەی یەکساڵه جێژنانەمان وەرنەگرتووە\".

بە وتەی ئەو کرێکارە، سەرەڕای نارەزایەتی و کۆبوونەوە، هیچ یەک لە بەرپرسانی شارەداریی شاری مەریوان وڵامدەری داواکارییەکەی ئێمە کە داواکاریی پارەی دواکەوتووی ٩ مانگمانە، نەداوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا حەوتووی ڕابردوو،بە هۆی گەندەڵیی ماڵی لە نووسینگەی شارەداریی شاری مەریوان لە نێوان یەکێک لە فەرمانبەران و بەڵێندەریی شارەداریی ئەو شارەوە، شەڕ و دەمەقاڵێ هاتووەتە ئاراوە.