کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان ناڕەزایەتییان دەربڕی

14:03 - 6 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان، بە هۆی ٨ مانگە مووچە وەرنەگرتن، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بەفرانبار، کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان، کە ماوەی هەشت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەردەم بینای ئەو ناوەندە حکوومەتییە کۆ بوونەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو مووچەیە کە بەم کرێکارانە نەدراوە بە هۆی کەمتەرخەمیی شارەداری پێشوو \"فواد کەریمی\" و شۆرای پێشووی شاری مەریوان بووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستە شارەداریی مەریوان پتر لە ١٩ میلیارد تمەن قەرزداری کرێکارانی ئەو شارەدارییەیە و ئەو بڕە پارەش هی ئەو ماوەیە کە مووچەی کرێکاران نەدراوە.

ڕەزبەری ئەمساڵ، ئەسعەد شیخ‌عەتاری، بەرپرسی شۆرای شاری مەریوان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"تەسنیم\" لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی پارەی کرێکارانی شارەداری نەدراوە، ڕایگەیاندبوو: هۆکاری نەدانی پارەی چەند مانگی کرێکارانی شارەداریی بۆ کەمی پارەی تەرخان کراو دەگەڕێتەوە و ئەم کێشەیەش بۆ هەڵسووکەوتی شارەدار و شۆرای شاری پێشووی مەریوان گەڕاندەوە؛ ناوبراو ڕێژەی قەرزدار بوونی شارەداریی مەریوانی بۆ ٣٠ میلیارد تمەن یان زیاتر مەزەندە کردووە.

لینکی پەیوەندیدار:
زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری شارەداری مەریوان لە سەر کارەکەیان دەرکران