کرێکارانی شارەداریی شاری سنە، ٣ مانگە یارمەتییان وەرنەگرتووە

12:32 - 21 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شارەداریی ناوچەی یەکی شاری سنە، ماوەی ٣ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دواکەوتنی پارەی کرێکارانی ناوچەی یەکی شارەداریی شاری سنە، لە لایەن شارەداری ئەو شارە، نیگەرانیی ئەو کرێکارانەی لێکەوتووتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو کرێکارانە ماوەی سێ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و سەرەڕای داواکاریی پارەکەیان، شارەداری ئەو شارە هیچ وڵامێکی نەداونەتەوە".

لە لایەکی دیکەوە، شارەداری شاری جوانڕۆ لە بەیانییەیەکدا، هەڕەشەی لە کاسبکاران، دەستگێڕەکان و میوەفرۆشەکانی ئەو شارە کردووە کە هەتا ٧٢ کاتژمێر موڵەتیان هەیە ئەو شوێنانەی کە شوێنی هاتوچۆی هاووڵاتییانە، چۆڵ بکەن.

شارەداری وتوویەتی، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەو بڕیارە هەڵسوکەوتی یاساییان لەگەڵ دەکرێت.