کرێکارانی شارەداریی شاری سنە، سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

14:39 - 9 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شیرکەتی شارەداریی شاری سنە، سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی شارەداریی ناوچەی ٢ و ٣ شاری سنە باسیان لە وەرنەگرتن و دواکەوتنی مووچە و مەزایای خۆیان لەم سێ مانگەدا کردووە.

بە وتەی یەکێک لە کرێکاران، دواکەوتنی مووچەی سێ مانگی کرێکارانی شارەداریی شاری سنە لەو ماوەیەدا، گیر و گرفتی بۆ کرێکاران دروست کردووە.

کرێکارانی ناڕازی دەڵێن: بەرپرسانی شارەداریی دواکەوتن و نەدانی مووچەی سێ مانگی ئێمە بۆ نەبوونی بوودجە دەگەڕینەوە و ئەمە لە کاتێک دایە کە مووچەی مانگانەی کرێکاری بە فەرمی دامەزراو لە کاتی خۆیدا دەدرێت، بەڵام مووچەی کرێکارانی شیرکەتیی، سێ مانگە دواکەوتووە و نەدراوە.

کرێکارانی ناڕازی داوا لە بەرپرسانی شارەداریی دەکەن، کە بە کێشەی کرێکاران ڕابگەن.

شارەداری سنە لە وڵامی کرێکارانی ناڕازی ڕاگەیاندووە: \"دواکەوتنی مووچەی کرێکارانی شارەداریی تەنیا تایبەت بە شاری سنە نییە، بەڵکوو زۆربەی پارێزگاکانی ئێران لەگەڵ ئەو کێشەیە بەرەوڕوون\".

سەرەڕای بەدواداچوونی کرێکارانی ناڕازی لە ڕێگای پارێزگاریی و فەرمانداریی، هەتا ئێستا هیچ لایەن و کەسێک وەڵامدەر نەبووە و ناڕەزایەتی کرێکارانیش بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشتووە.