کرێکارانی شارەداریی روانسەر چەند مانگە پارەیان وەرنەگرتووە

11:27 - 22 رەشەمه 2719

کرێکارانی شارەداریی ڕوانسەر، سەر بە پارێزگای کرماشان، ماوەی چەند مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

وێڕای ئەوەی کە بەهۆی هاتنی کۆرۆناوە ئەو کرێکارانە خەریکی دژەگەندلێدانی شارن و وێڕای ئەوەی کە ساڵی نوێ نزیکە، پارەی مانگانەیان پێ نادرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە وتی: "ئەو کرێکارانە بە بەردەوامی خەریکی دژەگەندلێدان و خاوێنکردنەوەی ڕوانسەرن لە زبڵ و خاشاک و جگە لە دەستکێش و دەمامک، بڕیار بووە شارەداری جلوبەرگی تایبەتیان بۆ دابین بکات، بەڵام پشتگوێ خراوە و هەنووکە بە جلوبەرگی شارەدارییەوە خەریکی خاوێنکردنەوەی ئەو شارەن".

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "زۆربەی ئەو کرێکارانە، کرێکارانی وەرزین و بە شێوەی گرێبەست لەو شارەدارییەدا کار دەکەن".