کرێکارانی شارەداریی دێولان دوو مانگە پارەیان وەرنەگرتووە

17:23 - 23 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای پێنەدانی پارەی دوو مانگی کرێکارانی شارەداریی دێولان، کرێکارانی ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییە، خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی شارەداریی دێولان ماوەی دوو مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و هەروەها سێ مانگیشە پارەی ئیزافەکارییان لەلایەن شارەدارییەوە پێ نەدراوە.

یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی دێولان ڕایگەیاند: "پارەی مانگی خەزەڵوەر و سێ مانگ پارەی ئیزافەکاریم وەرنەگرتووە و پارەم نییە تەنانەت نان بکڕم".

یەکێکی دیکە لە کرێکارانی ئەو شارەدارییە وتی: "من بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانم پارەم لە دۆست و ئاشنا قەرز کردووە و بەهۆی نەدانی پارەی گاز و ئاو و کارەبا، ئەگەری هەیە بیپچڕێنن".

ئەو کرێکارانە دەڵێن، دواکەوتنی پارەکەمان کێشەی بۆ بنەماڵەکانمان دروست کردووە. ئەوان داوای پێدانی پارەی دواکەوتووی دوو مانگ و ئیزافەکاریی دواکەوتووی سێ مانگ لە شارەداریی دێولان دەکەن.