کرێکارانی شارەداریی بیجاڕ شەش مانگە پارەیان وەرنەگرتووە

20:28 - 14 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شارەداریی بیجاڕ لە پارێزگای سنە ماوەی شەش مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و بەهۆیەوە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی گشتیی ئەو شارە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییان دەبڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ ١٤ ڕەزبەر، بەشێک لە کرێکارانی شاردەداریی بیجاڕ، لە هەمبەر پارەی دواکەتووی شەش مانگی ڕابردوو خۆیان ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای پارە و مافی یاسایی خۆیان کرد.

ماڵپەڕی زرێوار لە زاری یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی ئەو شارە بڵاوی کردوە، شارەداریی شاری بیجار بووەتە قوربانی هەڵ پەرەستییەکانی شووڕا و شارەداری و کێشە ناوخۆییەکانی ئەو دوو ناوەندە و ئیزن نادەن هیچ کەسێک بیر لە ژیان و گوزەرانی ئێمە بکاتەوە.

کرێکارانی شارەداریی بیجاڕ ڕادەگەیەنن، ماوەی شەش مانگە پارەمان وەرنەگرتووە و سەرەڕای دۆخی ناڵەباری ژیانمان، ناتوانیین ژیانی ئیدارە بکەین.

یەکێکی دیکە لەو کریکارانە ڕادەگەیەنێت، ڕاستە داهاتی شارەداری لە بارودۆخێکی ناڵەبار دایە و توانای بەڕۆژکردنی پارەی ئێمە توێژی زەحمەتکێشی نیە، بەڵام لانیکەم پارەی چوار مانگی ئێمە بدەن.

شاری بیجاڕ یەکێک لە شارەکانی پارێزگای سنەیە ولە ڕۆژهەڵاتی ئەو پاریزگایە هەڵکەوتووە و ٥٣٥٠ کیلۆمێتر چوار گوشە پانتایی هەیە بە گەورەترین شاری پاریزگای سنە ئەژمار دەکرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا،کرێکارانی شارەداریی شاری ئابدانان زیاتر لە سێ مانگە بەبێ حەقدەست لەسەر کارەکەیان ئامادە دەبن.