کرێکارانی شارەداریی بیجاڕ بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەی ٣ مانگیان لە کۆکردنەوەی زبڵەکان خۆیان بواردووە

10:40 - 28 رێبەندان 2720

کرێکارانی شارەداریی بیجاڕ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین لەمەڕ وەرنەگرتنی مووچەی ٣ مانگیان و هەروەها وەرنەگرتنی پارەی ١٠ مانگ ئیزافەکاری، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە بەردە م بینای شۆرای ئەو شارەوە کۆبوونەتەوە و لە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکەکان، خۆیان بواردووە.

 کرێکارانی شارەداریی بیجاڕ لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، بەهۆی دواکەوتنی مووچەی سێ مانگیان و هەروەها وەرنەگرتنی پارەی ١٠ مانگ ئیزافەکاری، دەستیان لە کارکردن کێشاوەتەوە و لە پێش دەرگای شۆرای ئەو شارەوە مانیان گرتووە.

یەکێک لەو کرێکارانە ڕایگەیاندووە: "چەند جار سەردانی بەرپرسانی شارەداریی بیجاڕمان کردووە هەرچەند ناڕەزایەتیی دەردەبڕین، دەنگمان بە هیچ جێگایەک ناگات و ئێمەش مرۆڤین و مافی ژیانمان هەیە، سێ مانگە پارەمان وەرنەگرتووە و ١٠ مانگیشە کە پارەی ئیزافەکاریمان وەرنەگرتووە، بەو شێوەیە کە بەرپرسان کەمتەرخەمن، ئێمە مەحکووم بە لە نێوچوونین".

دواکەوتنی پارەی دڕێژماوەی کرێکارانی شارەداریی بیجار، لە حاڵێکدایە کە شارەداری کێشەی ماڵی و داخرانی حسێبەکانی ئەو ناوەندەی بۆ دروستبوونی ئەو کێشەیە، گەڕاندووەتەوە.