کرێکارانی شارەداریی بۆکان، قوربانیان ڕووداوی هاتوچۆن

16:19 - 15 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی شارەداریی شاری بۆکان بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی گەلاوێژ، کرێکارێکی شارەداریی شاری بۆکان بە ناوی \"ڕەحمان حوسێنی‌ئازەر\" تەمەن ٥٣ ساڵ بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە، لە بلواری مامۆستا هەژاری شاری بۆکان تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، کرێکارێکی تەمەن ٣٠ ساڵ لە شەقامی مەولووی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و گیانی لە دەست دا.

لە یەکساڵی ڕابروودا، ئەمە شەشەمین حاڵەتی ڕووداوی هاتوچۆیە کە ٥ کرێکار گیان لەدەست داوە و یەکیش بریندارە.