کرێکارانی شارەداری سەردەشت نزیکەی چوار مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە

15:00 - 21 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: نزیکەی ٢٠٠ کرێکاری شارەداری شاری سەردەشت سەر بە پارێزگای ورمێ نزیکەی چوار مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی شارەداری شاری سەردەشت ١٢٠ ڕۆژە حەقدەستیان وەرنەگرتووە و لە نەدانی پارەی ئەو چوار مانگە ڕەخنەیان لە شارەداری گرتووە.

کرێکارانی شارەداری سەردەشت لە بەشەکانی، فەزای سەوز، ئاگرکوژێنەوە و خەدەمات کار دەکەن و لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا حەقدەست و مەزایای حەقدەستیان وەرنەگرتووە.

هەاڵدەریی ئیلنا لە زاری یەکێک لەو کرێکارانە بڵاوی کردەوە کە، شارەداری سەردەشت تەنانەت ئامادە نەبووە مافی بیمەیان بە ڕێکخراوی دابین کردنی کۆمەڵایەتی بدات و هەروەها دەفتەرچەکانیان درێژ نەکراوتەوە.

لەو ژمارە کرێکارانە، بەشێکیان لەگەڵ شیرکەتەکانی کەرتی تایبەت و ژمارەیەکی دیکەیان لەگەڵ شارەداری گرێبەستیان هەیە، بەڵام هەتا ئێستا حەقدەستان لە مانگەکانی ڕابردوودا وەرنەگرتووە.

بە وتەی یەکێک لە کرێکارانی ئەو شارەدارییە، ئیزن بە ئێمە نادەن سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەین و ناتوانین سەردانی شارەداری یان هەر ناوەندێکی دیکە بکەین، چونکە دەترسێن ناڕەزایەتی دەرببڕین.

ئەو کرێکارانە داوای پێڕاگەیشن بە کێشەکانیان دەکەن و دەڵێن ماوەی کارکردمان درێژ بووتەوە، مافی ناڕەزایەتی دەربڕینمان نییە و تەنانەت لە دانی حەقدەستی ئەو چوار مانگەشمان هیچ باسێک نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان سەر بە پارێزگای سنە، لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.

کرێکارانی وەرزی لە کوردستان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لە ڕاستای وەچەنگ خستنی قازانجی زۆر، تووشی حاڵەتی کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لەلایەن خاوەنکارەوە دەبن و بە گشتی هیچ کام لە یاساکانی کار کرێکاران ناگرێتەوە.