کرێکارانی دەرکراوی پێترۆشیمیی شاری چوار لە بەردەم بینای فەرمانداری کۆبوونەوە

16:38 - 4 بەفرانبار 2720

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی بەفرانبار، بۆ سێیەمین ڕۆژ کرێکارانی دەرکراوی پێترۆشیمیی شاری چوار سەر بە پارێزگای ئیلام، لە بەردەم بینای فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەو کرێکارانە کە نزیکەی ٣٠ کەس دەبن بە شێوەی گرێبەست لە سایتی ئەلفینی پێترۆشیمیی ئیلام کار دەکەن کە بەهۆی پێویست نەبوونی ئەو کرێکارانە، لەلایەن خاوەنکارەکەیانەوە دەرکراون و ئەوان خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەرکارەکەیانن.

ئەو ژمارە کرێکارانە کە بە شێوەی ١٥_١٥ خەریکی کار و دروستکردن و ئامادەکردنی ئەو سایتە بوونه، دەڵێن: "پاش تەواوبوونی کارە قورسەکە، هێزەگەلێکیان لە دەرەوە دامەزراندووە و بە ئێمەیان گوتووە کە پێویستیمان بە ئێوە نییە".

ئەو کرێکارانە لە نامەیەکدا بۆ پارێزگار و پێشنوێژی هەینیی ئیلام، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە کێشەکەیان بوونه و لەو نامەیەدا، هاتووە: "ئێمە ژمارەیەک لە کرێکارانی سایتی ئەلفینی پێترۆشیمیی ئیلام لە شاری چوار، کە ماوەی چەندین ساڵ پێشینەی کارمان هەیە و خەڵکی خۆجێین، بە سەرنجدان بە دەستبەکاربوونی ئەو پێترۆشیمییە لە ڕۆژانی داهاتوودا، بە ناحەق دەرکراوین، ئێمە خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەر کارەکەمان و بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیە دەکەین".