کرێکارانی جیهادی نەسری کوردستان بە هۆی دواکەوتنی مووچەکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد

14:53 - 31 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی جیهادی نەسری کوردستان، بە هۆی دواکەوتنی مووچەکەیان لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٧دا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا، کرێکارانی جیهادی نەسری کوردستان، مووچەیان وەرنەگرتووە و بەو هۆیەوە، لە بەردەم بینای ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەکەیان بەڕێوەبرد.

حەقدەستی ئەو کرێکارانەی کە ژمارەیان ٢٠٠ کەسن و بە شێوەی گرێبەستی کار دەکەن، لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٧دا هەتاکوو ئێستا، مووچەیان وەرنەگرتووە.

ئەو کرێکارانە کە بە شێوەی گرێبەستی یەک مانگە لە شیرکەتی جیهادی نەسری کوردستان دەستیان بە کار کردووە، چەندین جار خوازیاری پارە دواکەوتووەکانیان بوونە و بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی گیانی لە لایەن بەرپرسانی و بەڕێوەبەرانی ئەو شیرکەتەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەرپرسانی ئەو شیرکەتە لە بەرانبەری داخوازیی کرێکاراندا، هەڕەشەی وەدەرنانیان کردبوو و بە پێدانی چەکی ماوە بە سەرچووی دوومانگە، وڵامی کرێکارانیان دابووەوە.

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: \"شیرکەتی جیهادی نەسری کوردستان، یەکێک لە ژێر کۆگاکانی سپای پاسدارانە و لە ساڵی ٧٢ی هەتاویدا دامەزراوە.\"