کرێکارانی بەنداوی \"کانی سێو\"ی پیرانشار مانیان گرت

15:50 - 14 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی بەنداوی \"کانی سێو\"ی شاری پیرانشار، لە هەمبەر پێنەدانی پارەی دواکەوتوویان، ناڕەزایەتییان دەربڕی و مانیان گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی شاری پیرانشار، لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا، پارەیان وەرنەگرتووە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە پێنەدانی پارەی دواکەوتوویان، مانیان گرت.

یەکێک لە کرێکارانی بەنداوی کانی سێو، لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"سەرەڕای تێپەڕینی چوار ڕۆژ بە سەر مانگرتنی کرێکارانی بەنداوی کانی سێو، هەتا ئێستا بەرپرسانی ئەو بەنداوە وڵامی داخوازییەکانی ئێمەیان نەداوتەوە\".

بە وتەی ئەو کرێکارە، بەڵێندەری بەنداوی کانی سێوی شاری پیرانشار، هەڕەشەی دەرکردنی کرێکارانی مانگرتووی کردووە.

کرێکارانی مانگرتووی بەنداوی کانی سێوی پیرانشار ڕایانگەیاندووە: \"هەتا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکەن، درێژە بە مانگرتنەکەی خۆمان دەدەین\".