کرێکارانی بەنداوی داریان مانیان لەکار کردن گرت

15:11 - 20 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٥٠٠ کرێکار لە سەدی داریانی پاوە بە وەدواکەوتنی مووچە و هەقدەستی چوار مانگ کار کردنیان، مانیان گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی شیرکەتی سانا لە بەنداوی داریان لە شاری پاوە، ماوەی پێنج رۆژە دەستیان داوەتە مانگرتن، لە چوون بۆ سەرکارەکانیان خۆیان بواردووە.

کرێکارانی مانگرتوو رایانگەیاندووە: هەتا داخوازی و داواکارییەکانمان جیبەجێ نەکرێن، کۆتایی بەو مانگرتنە ناهێنین.

هەروەها کرێکارەکان باسیان لەوەش کردووە؛ بە ئەژمار کردنی مووچەی ەئو جوار مانگە و پارەی جیژنانە، شیرکەتی ناوبراو ماوەی ٦ مانگە مووچەی پێنەداوین.
دەگوترێ، شێرکەتی سانا بە بیانووی کڕینی کەلوپەل و پرۆژەی نوێ، لە دانی پارە بە کرێکاران خۆی بواردوە.

نەدانی پارە بەو کرێکارانە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەم کرێکارانە خێزاندارن و توێژی دەستکورتی ناوچەکەن و بەو هۆی وەدواکەوتنی مووچەکانیان لەگەڵ کێشە بەرەروو بوونەتەوە.

هەروەها پێشتریش کرێکارانی بەنداوی داریان، چەندین جار بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکەیان مانیان گرتبوو.

شێرکەتی سانا، سەرقاڵی دروست کردنی وزەخانەی برق لە شاری پاوەیەو ساڵی رابرووش بە هۆی مانگرتنی کرێکاران لەو شێرکەتە ١٢ کەسیان لەسەر کارەکانیان دەرکرد.

دروست کردنی بەنداوی داریان لە لایەن چالاکانی ژینگە پارێزییەوە رخنەی تووندی لێگیراوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام و ئاکامی ئاوگیریی ئەو بەنداوە دەربڕیوە.

لە ئەگەری ئاوگیریی بەنداوی داریان، لە سەدا ٤٤ی لەوەڕگە و سروشتی چەندین گۆندی مێژوویی و ئایینی و گەشتیاریی وەک هەجیج لە ناو دەچێت.