کرێکارانی بەنداوسازیی شاری بانە ماوەی ٩ مانگە مووچەیان پێنەدراوە

21:41 - 16 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: شیرکەتی بەنداوسازیی شەمسی عومران، کە دەفتەرەکەی لە عەباس‌ئاوای شاری بانەیە، ماوەی زیاتر لە ٩ مانگە مووچەی کرێکارەکانی نەداوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرپرسانی شیرکەتی بەنداوسازیی شەمسی عومران لە شاری بانە، لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە بە بیانووی نەبوونی بودجە لەدانی مووچەی کرێکارەکانیان خۆ دەبوێرن.

\"19195.jpg\"
شیرکەتی بەنداوسازیی شەمسی عومران لە شاری بانە، ٢٣٠ کرێکار و فەرمانبەری هەیە و لە ٩ مانگی رابردوودا ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە مووچەیان پی نەدراوە.

یەکێک لە کرێکارانی شیرکەوتی بەنداوسازیی شەمسی عومران بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەپرسانی ئەو شیرکەتە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ تەنیا پارەی ١٥ رۆژیان پێ دواین، ئەوەش لە حالێک دایە، کە نزیک بە تێکڕای کرێکار و فەرمانبەرانی ئەم شیرکەتە خێزاندارن.

شیرکەتی بەنداوسازیی شەمسی عومران کەلە شاری کامیارانیش پەیمانکاری پرۆژەی بەنداوی کامیاران -مووچش (ئەمیرئاباد-رمشت) بوو، بەهۆی کارکردی خراپییەوە، گرێبەستی دروستکردنی ئەو بەنداوەی لێ هەڵوەشێندرایەوە.