کرێکارانی بیناسازی شاری بانە ناڕەزایەتییان دەربری

20:30 - 4 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە کرێکارانی شاری بانە، لە هەمبەر بەرزبوونەوەی نرخی بیمە دابینکردنی کۆمەڵایەتی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە کرێکارانی بیناسازی شاری بانە، ناڕەزایەتییان سەبارەت بە \"بەرزبوونەوەی نرخی بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی\" لە بەرانبەر نووسینگەی ئەنجومەنی کرێکارانی بیناسازی ئەو شارە، دەربڕی.

کرێکارانی ناڕازی خوازیاری دابەزینی نرخی بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بوون و هەتا ئێستا وڵامێکی ئەرێنیان لەو بارەیەوە دەست نەکەوتووە.

نزیکەی ٢ میلیون و ٢٠٠ هەزار کرێکاری بیناسازی لە ئێران بوونی هەیە و کرێکارانی بیناسازی، زیاتر لە هەموو کرێکارانی دیکە لە ئێراندا تووشی ڕووداوی کار دەبن و زۆرترین ئاماری قوربانیانی ڕووداوی کار، کرێکارانی بیناسازی لەبەر دەگرێت و سەدان هەزار کەسیش لەو توێژە لە خەدەماتی دەرمانی و بیمە دابینکردنی کۆمەڵایەتی بێبەشن.