٥٠ کرێکار لە کۆگای پیترۆشیمی ئیلام لەسەر کار دەرکران

21:02 - 15 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی پیترۆشیمی ناوچەی ئیلام ٥٠ کرێکاری ئەو شیرکەتەی لەسەر کار دەرکرد.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ماوی دوو رۆژی رابردوودا، ٥٠ کەس لە کرێکارانی ناوچەی پترشیمی ئیلام لە نزیک بەخشی \"چوار\" لەسەر کار دەرکراون.

دەرکرانی ئەو کرێکارانە لە ماڵپەڕە حکوومەتییەکاندا وەکوو کردەوەیەکی نەشیاو لە ماوەی \"دەیەی فەجر\"دا لە قەڵەم دراوە.

پێش‌نوێژی شاری چوار ، سەبارەت بە دەرکرانی ئەو ٥٠ کرێکارە، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی \"تەسنیم\"ی راگەیاند: \"لەم هەلومەرجەدا دۆخی ئابووریی خەڵک بەرەو ئاقارێک رۆیشتووە، کە نەدەکرا ئەم کردەوەیە روو بدات\".

دەگوترێت، کە بەرپرسانی ئوستانی ئیلام بەڵێنیی ئەوەیان داوە کە ئەو کەسانە بگەڕێننەوە بۆ سەر کارەکانیان.

دەرکرانی ئەو ٥٠ کرێکارە لە حاڵێکدایە کە سەرەتای خەزەڵوەری ئەمساڵ، رێکخراوی بازرەسیی گشتیی وڵات باسی لە گەندەڵیی ٥ میلیارد تمەنیی بەرپرسانی ئەو شیرکەتە کردبوو.

ناوچەی پیترۆشیمی ئوستانی ئیلام گەورەترین ناوچەی پیترۆشیمیی رۆژئاوای ئێرانە.

پێشتر و لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا، بەرپرسی شۆرای شاری چوار لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی \"مێهر\"، بکاریی بە گەورەترین کێشەی شاری چوار لەقەلەم دابوو.
مەحموودی لە درێژی لیدوانەکەیدا رایگەیاندبوو، کە ئەو کۆگا پیترۆشیمییە ساڵانە نزیک بە ٣ میلیارد تمەن ماڵیات ئەداتە شارەداری.

دووکەڵ و بۆنی خراپی ئەو پاڵاوتنگەیە یەکێکی دیکە لەو کێشانەیە کە خەڵکی کوردی شاری چواری لەگەڵ کێشەدا بەرەوڕوو کردۆتەوە.

پلانی حەوایی کۆگای پیترۆشیمیی ئیلام

\"18188.jpg\"