٦ کرێکار لە کارگەی شیری بەفرین لە شاری سنە بوونە قوربانی

14:19 - 18 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ٦ کرێکاری کورد، لە یەکێک لە کارگەکانی شاری سنە، بە هۆی تەقینەوەی دیکێکی دوو لایی بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بانەمەڕ، دوو کرێکاری کورد، لە کارگەی شیری بەفرین بە هۆی تەقینەوەی دیکەوە گیانیان لە دەست دا.

شوناسی ئەو دوو کرێکارە کوردە، بە ناوەکانی \"ڕەشید وەیسی\" و \"ئەحمەد قوولیپوور\" ڕاگەیەندراوە.

هەروەها لەو ڕووداوەدا، چوار کرێکاری دیکە بە سەختی بریندار بوون و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە کراوان.

شوناسی ئەو چوار کرێکارە بریندار، هەتا ئێستا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕوون نەبوونەتەوە.

دەوترێ، پێشتر چەندین جار کرێکارانی کارگەی شیری بەفرین باسی خراپبوونی ئەو دیکەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئەو کارگەی کردبوو.

کارگەی شیری بەفرین، بە شێوەی دوو دان کار دەکات و لە شارەکی پیشەییی ژمارەی ٢ی سنە هەڵکەوتووە.