کرماشان/لێدان و سووکایەتی کردنی فەرماندەران بە سەربازە یارسانییەکان بەردەوامە

15:07 - 31 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: فشاری ناوەندە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆسەر هاووڵاتییانی یارسانی بەردەوامە و فەرماندەکانی سەرەوەتری نیزامی ئەو سووکایەتی کردنە بە کاری هیزە سەرەڕۆکان لە قەڵەم ئەدەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پزیشکێکی تەمەن ٢٧ ساڵەی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی شاری سەحنە بەناوی ئیسحاق ئیسفەندی، کە وەکوو سەرباز لە بێهداریی پشتیوانیی ناوچەی ١ی ئەرتەشی کرماشان ماوەی سەربازییەکەی تێپەڕ دەکات، بەرەوڕووی هەڕەشە بۆتەوە، کە دەبێ ئایینەکەی بگۆڕێت و مەزهەبی شیعە قەبووڵ بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئیسحاق ئیسفەندی کە بڕوانامەی دەرمانسازیی هەیە و لە بێهداریی پادگاندا سەربازە، لە کاتێکدا ئامادە نەبووە مەزهەبی شیعە قەبووڵ بکات، لەلایەن فەرماندەکانەوە سەرەڕای جوێن و بێڕێزی کردن، بەتوندی لێی دراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: لەکاتێکدا ئەو سەربازە کوردە ناڕەزایەتیی بەو دۆخە دەربڕیوەو سکاڵای تۆمار کردووە، لێپرسراوانیی سەرەوەتری نیزامی ئەو لێدان و سووکایەتی کردنەیان بە کاری هێزە سەرەڕۆکان (نیروهای خودسر) لەقەڵەم داوە.

ئەوەشی خستە روو، فەرماندە نیزامییەکان بەو سەربازە کوردەیان راگەیاندووە، کە تەحمولی بینینی کەسێکی یارسانیمان نییە؛ بۆیە ئەگەر مەزهەبی شیعە قەبووڵ نەکەیت، رەوانەی ناوچە عەمەلیاتییەکانی سەر سنووری دەکرێی.

رۆژی دووشەممە ریکەوتی ١٨ی خاکەلێوە، سەربازێکی یارسانی بەناوی حیکمەت سەفەری، کەلە پادگانی سوپای پاسداران لە شاری بیجار سەرباز بوو، بەهۆی فشاری فەرماندەرانی سوپای پاسدارانەوە بۆ نوێژ کردن و تاشینی سمێڵی، کە بە پێچەوانەی بیروباوەڕی یارسانی‌یە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

پێشتریش لە چەدین حاڵەتدا هاووڵاتیانی پەیڕەوی ئایینی یاری، کەلە پادگانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا سەرباز بوون، بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی کردن و تاشینی زۆرەملیی سمێلیان ببوونەوە.

دوابەدوای سووکایەتی کردنی بەردەوامی فەرماندە نیزامییەکان بە هاووڵاتییانی یارسانی، رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانی، وێرای ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردنی فەرماندە و ناوەندە حکوومەتییەکان، رەوتی فشارەکانیان بۆسەر هاووڵاتییانی یارسانی بە \"کارەساتی مرۆیی\" لە قەڵەم دابوو.