کرماشان/خوێندکارێکی کورد لەبەر چاوی خەڵک ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا

15:52 - 12 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری نەوسوود لەزانکۆی ئازادی کرماشان، لەرێگەی خۆ سووتاندنەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوەڕۆی رۆژی رابردوو رێکەوتی ١١ی بانەمەر خوێندکارێکی کوردی بەناوی میلاد عەبدی کوڕی ئەبووبەکر، لە چوار رێیانی پۆمپی گازۆئیل لەکرماشان، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا.

ئەو خوێندکارە تەمەن ٢١ ساڵەیە، لەو رووداوەدا لەسەدا ٩٥ی جەستەی تووشی سووتان هاتووە، کە کاتژمێر ١ی نیوەشەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی تایبەت بە سووتانی جەستەیی لە کرماشان، بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە.

دەگوترێت، میلاد عەبدی بەر لەخۆسووتاندن لەگەڵ چەند کەسێک لەهاوڕێیان و بنەماڵەکەی بە تەلەفۆن پەیوەندی گرتووەو لەو مەبەستەی خۆی ئاگاداری کردوونەتەوە.

میلاد عەبدی خوێندکاری تێرمی ٤ی رشتەی (عومران) لەزانکۆی (ئازاد) کرماشان بووە، کە هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو خوێندکارە کوردەی خەڵکی شاری نەوسوود بۆ بنەماڵە و نزیکانی روون نەبۆتەوە.