کرماشان/ یەکەمین بنکەی بەکارهێنانەوەی پاشماوەی خانووەکۆنەکان، پاش دەستبەکاربوون داخرا

16:10 - 30 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین پرۆژەی بەکارهێنانەوەی پینی (نُخالە) و پاشماوەی خانووە کۆنەکان لە کرماشان، پاش چوار مانگ لە دەستبەکاربوونی، داخرا و کرێکارەکانیشی لەسەر کار دەکراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا شاری کرماشان بەهۆی دامەزرانی دوو بنکەی کەڵک وەرگرتن لە پینی (نخالە)ی خانووە کۆنەکان لە رێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ئەمساڵدا وەکوو پێشەنگی کارە ژینگەپارێـزییەکان ناودێر کرا، لە ئێستادا ئەو پرۆژەیە بە تەواوەتی داخراوە.

محەمەد شاپەرست، ئەندامی شۆرای شاری کرماشان بە هەواڵدەریی (ئیسنا)ی راگەیاندووە، ئەو دوو دەزگایە بە بری ٥ ملیارد تمەن لە کرماشان دامەزراون، رێکەوتی ٢ی مانگی بانەمەڕەوە بە شێوەی سەمبولیک کرانەوە، بەڵام لەو کاتەوە هەتا ئێستا کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە.

ئەو پرۆژەیە بە هەوڵی NGO و چالاکانی ژینگەپارێزیی وەک دوکتور هایدە شێرزادی و بەبۆنەی رۆژی جیهانیی پاک، لە کرماشان دامەزران و تیایدا ٨٠ کەس سەرقاڵی کار کردن بوون، کە لە ئەنجامی داخرانی ئەو پرۆژەیەدا ئەو کەسانەش بێکار کراون.

محەمەد شاپەرست ئاشکرای کردووە، ئەو پرۆژەیە بەهۆی کەمتەرخەمی و پشتیوانی نەکردنی بەرپرسانی ئوستان داخراوەو گوتووشیەتی تەنانەت هیچ شوێنێک شک نابەن کە ئەو دوو دەزگایەیی لی دابنێن.

لەو پرۆژەیەدا ئاسن، ئیسڤاڵت، ئاجۆر و کەرەسەی ژێرسازیی رێگەوبان، لە کەلوپەلەکانی دیکەی وەکوو گەچ و سیمان جیا دەکرانەوەو رۆژانە دوو هەزار تۆن پاشماوەی خانووە کۆنەکان دەگەڕێندرایەوە بۆ چەرخەی بیناسازی.