کرماشان/ کچێک بە چەکی ڕاو خۆی کوشت

20:04 - 19 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە بەخشی هێڵشی لە پارێزگای کرماشان، کچێکی لاو بە (تاپڕ)کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە یەکێک لە گوندەکانی بەخشی هێڵشی لە پارێزگای کرماشان، کچێک بە چەکی ڕاو خۆی کوشت.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکان لە زاری خەڵکی ئەو ناوچەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو کچە هیچ کێشەیەکی دەروونی و بنەماڵەیی نەبووە و هەتا ئێستاش هۆکاری خۆکشتنی ئەو هاووڵاتییە ڕوون نەبووەتەوە.

لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، لە شاری بیجاڕ پیاوێکی تەمەن ٢٧ساڵە و لە شاری مەریوانیش ژنێکی دووگیان بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

کارناسان و دروونناسانی بورای کۆمەڵایەتی، کێشەی دەروونی، بارودۆخی ناڵەباری ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، بە گرینگترین هۆکاەکانی خۆکوژی لە نێو لاوەکاندا دەزانن.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەوە هەتاکوو ئێستا، ١٢٤ حاڵەتی خۆکوژی و هەوڵی خۆکوشتن ڕووی‏داوە کە بە پێی ئەو ئامارە ٦٩کەسیان ژن بوون.